بابهت: دروستبوونی باران

خوای گەورە دەفەرموێت: (اللَّهُ الَّذِي يُرْسِلُ الرِّيَاحَ فَتُثِيرُ سَحَاباً فَيَبْسُطُهُ فِي السَّمَاءِ كَيْفَ يَشَاءُ وَيَجْعَلُهُ كِسَفاً فَتَرَى الْوَدْقَ يَخْرُجُ مِنْ خِلالِهِ فَإِذَا أَصَابَ بِهِ مَنْ يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ إِذَا هُمْ يَسْتَبْشِرُونَ) (الروم:48)
چۆنێتی دروست بوونی باران بەلای زۆر كەسەوە بۆ ماوەیەكی ڕوون نەبۆوەوە و بەلای زانایانی زۆر لە سەردەمەكانی پێشوتریش سەیر بووە، تاكو دروست كردنی ڕادار هەموو قۆناغەكانی دروست بوونی باران نەدۆزرابویەوەو نەدەزانرا.
وە بەپێی ئەو زانیارییانەی دۆزراونەتەوە باران بە سێ قۆناغ تێدەپەڕیت تا دروست دەبێت: لە قۆناغی یەكەم: ماددە سەرەتاییەكانی باران سەردەكەوێت لەگەڵ با بەرەو سەروو، پاش ئەوە هەور دروست دەبێت و لەپاشاندا دڵۆپە باران دەردەكەوێت و دێتەوە خوارەوە و دەست دەكات بە بارین.
قورئانی پیرۆز ئەم قۆناغانەی دروست بوونی باران زۆر بەجوانی باس دەكات و خوای گەورە دەڵێت: ( الله الذي يرسل الرياح فتثير سحاباً فيبسطه في السماء ..
لێرە با بێینە سەر ئەو سێ قۆناغەی لەم ئایەتەدا ئاماژەی پێ كراوە بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی:
قۆناغی یەكەم: "الله الذي يرسل الرياح".
ئەو دڵۆپە هەوایانەی كە ناژمێردرێت و لە دەریاكاندا بەهۆی شەپۆلەوە دڵۆپە بچوكی ئاو لەشێوەی هەڵم بەرەو ئاسمان فڕێ دەدات. پاش ئەوە لەلایەن (بـا)وە ئەم وردیلە پڕ لە جۆرەها خوێ هەڵدەگرێت و بەرزی دەكاتەوە بەرەو ئاسمان، پاش ئەوە بە كۆبونەوەی ئەم وردیلانە لەشێوەی تەم دڵۆپە هەور لە ئاسمان دروست دەبێت بە كۆكردنەوەی خۆی بە چواردەوری هەڵمی ئەو ئاوەی لە دەریاكانەوە بەرز بۆتەوە لەشێوەی دڵۆپەی زۆر بچوك.
قۆناغی دووەم:
(فتثير سحاباً فيبسطه في السماء كيف يشاء و يجعله كسفاً).
هەور لە هەڵمی ئاوەوە دروست دەبێت كە پڕ و چڕ دەبێت بەچواردەوری وردیلەی خوێ یا تەپوتۆز لەناو هەوادا، وە لەبەر ئەوەی دڵۆپەكانی باران لەناو ئەم هەورەدا زۆر بچوكن تیرەی یەك دڵۆپە نزیكەی (0،01 تا 0،02) ملیمەترە واتە زۆر بچوك و سوكە هێشتا ئەو قورساییەی نیە بكەوێتە خوارەوە لەشیوەی باران، بۆیە هەورەكە لەناو هەوادا ئەمێنێتەوەو لە ئاسماندا بڵاوەی پێ دەكات، بەم شێوەیە هەور ئاسمان دادەگرێت و زۆر جاریش (با) هەورەكە دەگوێزێتەوە بۆ شوێنیكی تر.
قۆناغی سێیەم: ( فترى الودق يخرج من خلاله ) .
ئەو وردیلە ئاوانەی كە چواردەوری وردە تەپوتۆز و وردە خوێیەكەی داوە وردە وردە كۆ دەبنەوەو چڕ و پڕتر دەبن تاكو دڵۆپە بارانی لێ دروست دەبێت، بەم شێوەیە ئەو دڵۆپە بارانانەی لە هەوا قورست تر دەبن هەورەكە بەجێ دێڵن و بەرەو زەوی دێنە خوارەوە لەشێوەی باران.
وەكو دەبینین هەر یەك لە قۆناغەكانی دروست بوونی باران زۆر بەجوانی و لەدوای یەكە هاتوون لە قورئاندا، بەڵكو لەوەش زیاتر، هەروەكو چۆن جۆرەها دیاردەی سروشتی هەیە خوای گەورەش شیكردنەوەیەكی ڕاست و دروستی بۆ كردوین بۆ ئەم دیاردە سروشتیەش كە بارانە، ئەم قۆناغانەش بەهۆی قورئانی پیرۆزەوە بۆ خەڵكی ئاشكرا كراوە بە چەندەها سەدە لەپێش دۆزینەوەی.
خوای گەورە لە ئایەتێكی تردا ئەم زانیارییانەمان بۆ باس دەكات لەسەر دروست بوونی باران:
( ألم تر أن الله يزجي سحاباً ثم يۆلف بينه ثم يجعله ركاماًُ فترى الودق يخرج من خلاله و ينزل من السماء من جبال ..
ئەو زانایانەی كە لێكۆڵینەوە لەسەر هەور و باران دەكەن گەشتونەتە چەند ئەنجامێكی كوتوپڕ سەبارەت بە دروست بوونی ئەو هەورانەی بارانی لێوە دەبارێت چونكە هەموو هەورێك باران نابارێنێت.
كەواتە هەورە بارانە بەپێی شێوەو یاسایەكی تایبەت و چەند قۆناغێكی دیاریكراو دروست دەبێت. بۆنمونە دروست بونی جۆریك لە باران كە لە قورئاندا بە (الركام) ناو دەبرێت بەپێی ئەم قۆناغانە دروست دەبێت:
قۆناغی یەكەم: قۆناغی پاڵنان واتە هەورەكان (كە بریتین لە تەم و وردیلەی ئاوی زۆر بچوك) بەرز دەكرێنەوە یان پاڵ دەنرێن لەڕێگەی (بـا)وە.
قۆناغی دووهەم: قۆناغی كۆبوونەوە، هەموو هەورەكان (وردیلە ئاوەكان كە لەشێوەی تەمن) كە با پاڵیان پێوە دەنێرێت هەموو لەگەڵ یەكتر كۆ دەبنەوە تاكو هەوریكی گەورەتر دروست بكەن.
قۆناغی سێیەم: قۆناغی خڕبونەوە لەسەر یەكتر، هەورە بچوكەكان كاتێك تێكەڵ بەیەكتر دەبن و یەك دەگرن ئەوا ڕەوتێكی هەوای سەركەوتوو لەناو هەورە گەورەكە زیاتر دەبێت، ڕەوتە هەواییەكە نزیك سەنتەری هەورەكە بەهێزترە وەك لە لاتەنیشتەكانی، ئەم ڕەوتە هەواییانە وادەكەن لە شێوەو لاشەی هەورەكە كە بەشێوەیەكی عامودی (لەسەرەوە بەرەو خوار) دروست ببێت، هەربۆیە هەورەكە بەرەو بەرزبوونەوە كۆدەبێتەوه.
ئەم شێوەی دروستبونی هەوره واتە شێوەی عامودی دەبێتە هۆی فراوان بووون و ڕاكشانی بەرەو ناوچەی تر كە ساردترە، هەربۆیە لەم حاڵەتەدا دەنكە تەرزە یان باران دروست دەبێت، كاتێكیش دەنكە تەرزەكان گەورەتر دەبن و قورس تر دەبن ئەو هەوایە چیتر ناتوانێت هەڵیبگرێت لەگەڵ خۆیدا و بەرەو زەوی دێتە خوارەوە.
ئەبێت ئەوەش بزانین زانایانی كەش وهەوا ووردەكاری چۆنیەتی دروست بوونی هەور و كار و ڕۆڵیان نەدەزانی مەگەر لەڕێی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو نەبێت وەكو فڕۆكەو كەشتی ئاسمانی و كۆمپیوتەر و نمونەكانی.. لەكاتێكدا خوای گەورە ئەم زانیارییانەی پێ بەخشیوین پێش (1400) ساڵ لەمەوبەر، ئەمەش خاڵێكی تر دەگەیەنێت كە قورئانی پیرۆز دەستكردی مرۆڤ نیە و هی خوای گەورەیە، ئەگینا كەسێكی وەكو پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلی الله علیه وسلم) نەخوێندەوار بووەو ئەم زانیارییانەی كە لە سەدەی بیستەم ئاشكرا بەووە لەكوێ زانیوە.
پاك و بیگەردی بۆ خوای گەورە.



[/center]