بابهت: نهێنی بەختەوەری ئەوەیە كە شاكارەكانی دونیا ببینی بێ ئەوەی بهێڵیت، هەرگیز دوو دڵۆپە زەیتەكە بڕژێت
دەگێڕنەوە بازرگانێك كوڕەكەی خۆی ناردە لای حەكیمێك، تا نهێنی بەختەوەری فێربێت! كوڕە لاوەكە چل ڕۆژ بە ڕێدا ڕۆیشت تا گەیشتە كۆشكێكی جوان لەسەر لوتكەی چیایەكی بەرز. كاتێك گەیشتە كۆشكی حەكیم، بینی ئەوا خەڵكێكی زۆر لە دەوری حەكیم كۆبوونەتەوەو هەر جارەی یەكێكیان دەدوێنێ، لەبەرئەوە ناچار بوو، دوو كاتژمێر چاوەڕوانیی بكات، تا نۆرەی دێت. دواتر حەكیم زۆر بە جوانی گوێی بۆ لاوەكە شلكردو پاشان پێی گوت: ئێستا كات مەودا نادات، نهێنی بەختەوەریو سەرفرزایت بۆ باس بكەم، بەڵام ئێستا بچۆ بە نێو كۆشكەكەدا تۆزێك بگەڕێو ئەم كەوچكە بچكۆلەیەش كە دوو دڵۆپ زەیتی تێدایە هەڵگرە، با بەدرێژایی گەشتەكەت بە دەستەوە بێت، وریابە نەیەڵیت دڵۆپە زەیتەكان بڕژێت. لاوەكە بە پلیكانەی كۆشكەكەدا سەردەكەوتو دەهاتە خوارێ، بەڵام چاوی هەر لای كەوچكەكە بوو، پاشان گەڕایەوە لای حەكیم. ئەویش لێی پرسی: چاوت بە مافورە كاشانییەكەی چێشتخانەكە كەوت؟ باخچە بچكۆلانەكەت بینی؟ كتێبە جوانەكانی نێو كتێبخانەكە سەرنجی ڕاكێشایت؟ لاوەكە پەشۆكاو دانی بەوەدانا، كە هیچی نەبینیوەو تەنها خەیاڵی لای دوو دڵۆپە زەیتەكەی نێو كەوچكەكە بووە تا نەڕژێت. حەكیم پێی گوت: بگەڕێوەو شارەزای نێو كۆشكەكە ببە، چونكە ناتوانیت متمانە بە كەسێك بكەیت كە شارەزای ئەو خانووە نییە كە تیایدا دەژی. لاوەكە گەڕایەوە نێو كۆشكەكەو ئەمجارە تەماشای شاكارەكانی نێو كۆشكەكەی دەكردو لە تابلۆ جوانەكانو گوڵزارو باخچەكان ڕادەما. كاتێكیش گەڕایەوە لای حەكیم، بە درێژی هەموو شتێكی بۆ گێڕایەوە. بەڵام حەكیم لێی پرسی: ئەی كوا دوودڵۆپە زەیتەكەی نێو كەوچكەكە، کە بڕیاربوو پارێزگاری لێ بكەیت؟ لاوەكە تەماشای كەوچكەكەی دەستی كردو بینی زەیتەكە ڕژاوە! لە وێدا حەكیم گوتی: ئەمە ئەو ئامۆژگارییەیە كە دەمەوێت پێشكەشتی بكەم، (نهێنی بەختەوەری ئەوەیە كە شاكارەكانی دونیا ببینی بێ ئەوەی بهێڵیت، هەرگیز دوو دڵۆپە زەیتەكە بڕژێت).
لەم چیرۆکەوە فێردەبین:
1-هاوسەنگی لە نێوان خۆشییەكانو دونیاو بەها بەرزەكاندا وەكو هاوسەنگی نێوان تەمەشاكردنی جوانی كۆشكەكەو پارزێگاریكردن لە دوو دڵۆپە زەیتەكە وایە.
2-گرنگە بتوانیت چێژ لە خۆشییەكانی دونیا وەربگریتو هاوكات بەها بەرزەكانی ئیمان و ژیان و كەسایەتیت لە دەست نەدەیت.
3- بۆ خۆشییەكی كاتی خودی خۆتو داهاتووت لە دەست نەدەیت.
4-وریابە خەریكبوون بە شتە جوانەكانەوە وەهات لێ نەكات دڵۆپە زەیتەكان بڕێژیو بە دەستی خاڵییەوە جارێكی تر وێڵی بەختەوەری ببیت..
5- ئەگەر دڵۆپەكان ڕژان مانایەك بۆ ئاسوودەیی و ژیان و سەركەوتوویی نامێنیت ..گەر سەریش بكەویت وەك گوڵێكە كە لە بەر تیشكی گەرمادا زیندوێتی نەماوەو سوتاوە بەڵام پێی وایە هەر گوڵە..!
6- بەها بەرەزەكان ئاسوودەیی ڕاستە قینەت پێ نۆش ئەكەن هەرگیز نەكەیت لە بۆ ڕوانینێكی حەرام و كاتی ئاسوودەیی سەدان چركەت پڕ لە خەم بكەن و خوای گەورەش لە خۆت زویر بكەیت ..!!