بابهت: بەفەڕمیی : یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق ئەحمەد ئەیاد پێوەندی بە یانەی هەولێرەوە کرد
ئاكانیوز) ـ ئەمڕۆ دووشەم جێگری سەرۆكی دەستەی كارگێڕیی یانەی هەولێر رای گەیاند، دەستەی كارگێڕیی یانەكە گرێبەستێكی لەگەڵ ئەحمەد ئەیاد یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و یانەی قوە جەوییە بۆ ماوەی یەك وەرز ئیمزا كرد.عەبدولخاق مەسعوود بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دەستەی كارگێڕیی یانەی هەولێر لەسەر داوای راهێنەر ئەیوب ئۆدیشۆ گرێبەستی لەگەڵ ئەحمەد ئەیاد یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی قوە جەوییە ئیمزا كرد.
زیاتر گوتی “ئەمڕۆ لە بارەگای یەكەتیی ناوەندیی تۆپی پێی عێراقدا ئەحمەد ئەیاد گرێبەستەكەی ئیمزا كرد”، ئاماژەی بەوەش كرد “گرێبەستەكە بۆ ماوەی یەك وەرزە و دەشێ لەسەر رەزامەندیی هەردوولا نوێ بكرێتەوە”.
“دوای یارییە هەڤاڵینییەكەی نێوان هەڵبژاردەی عێراق و قەتەر كە لە رۆژی چوارشەمی داهاتوودا ئەنجام دەدرێ، ئەحمەد ئەیاد بەشداری لە مەشقەكانی یانەی هەولێردا دەكات” مەسعوود وای گوت.
ئەیاد لەگەڵ یانەی هەولێردا بەشداری لە قۆناغی دووەمی پاڵەوانیەتیی جامی یەكەتیی ئاسیا دەكات، چونكە رێگە دەدرێ ناوی نوێ بۆ پێكهاتەی یانەی هەولێر لە قۆناغی یەكەمی كێبەركێكاندا زیاد بكرێ.