بابهت: سەرۆكی حكومەت:”پشتیوانییەكی سیستماتیكی وەرزش دەكەین”
خەندان ـ لەشاری هەولێر د.بەرهەم ساڵح، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی ئازاد بەرواری، جێگری سەرۆكی حكومەتو د.كاوە مەحمود، وەزیری رۆشنبیریو لاوان لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستانو یانە وەرزشییەكانی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانیو دهۆكو كەركوك كۆبووەوە.
لەوكۆبونەوەیەدا گفتوگۆكرا سەبارەت بە چۆنێتی پەرەپێدانی رەوتی وەرزش لە چوارچێوەی تەرخانكردنی ئەو میزانیەیەی كە لە بودجەی 2011دا حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان بۆی تەرخانكردووەو پەرلەمان پەسەندی كردووە، هەروەها دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ دیاریكردنی پێوەرەكانی هاریكاریكردنی یانەو چالاكیە وەرزشیەكانو چارەسەركردنی گرفتەكانی.
لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەت تەئكیدی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگرنگیەوە بایەخ بە چالاكی وەرزشیو بواری وەرزش دەدات لە هەرێمی كوردستانو وتی: بڕیارمان داوە لە ئەنجومەنی وەزیران كە پشتیوانی سیستماتیكی وەرزش بكەین، ئەویش بە بەرنامەو پێوەری بابەتیانە كە ببێتە هۆی پێشخستنی رەوتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاند: دەمانەوێت هەرێمی كوردستان بكەینە ناوەندی بەڕێوەبردنی چالاكیو خوولە وەرزشییەكانی عێراقو ناوچەكە.
سەبارەت بەگوتارو پەیامی وەرزشیش، د.بەرهەم وتی: دەمانەوێت وەرزش كۆكەرەوەی هەموو لایەنو تواناكان بێت، نەك كایەیەكی تری ململانێی سیاسی، بۆ ئەمەش سەرۆكی حكومەت ئاماژەی كرد، كە كاتی ئەوە هاتووە سیاسیەكان خۆیان بەدووربگرن لە كاری وەرزشیو ئەم مەیدانە بۆ وەرزشكارەكان جێبهێڵن.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆكی حكومەت پشتیوانی لە پرۆسەی وەبەرهێنانی وەرزشی كرد كە بەهۆیەوە دەتوانرێت خزمەت بە یانەو چالاكیە وەرزشیەكان بكرێت، لەكۆتاییشدا سەرۆكی حكومەت خوازیاربوو هێندە نەبات پرۆژەیاسای لیژنەی ئۆڵۆمپی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندبكرێتو لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیاسایەدا لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان كارەكانی بەرێوەبەرێت.
هەروەك داواشی لە یانە وەرزشیەكانی كوردستان كرد هاوكاری وەزارەتی رۆشنبیریو لاوانو لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بكەن بۆ دیاریكردنی پێوەرەكانی هاوكاریو دانانی پلانی گونجاو بەمەبەستی زیاتر خزمەتكردنی یانەو دامەزراوە وەرزشیەكانو چۆنێتی بەرێوەبردنی چالاكیە وەرزشیەكان.
دواتر هەریەك لە وەزیری رۆشنبیریولاوانو نوێنەرانی لیژنەی ئۆڵمپیو یانە وەرزشیەكان سەرنجو تێبینیو پێشنیازی خۆیان لەسەر بابەتەكان خستەرو بەمەبەستی داڕشتنی بەرنامەو پلانێكی هەمەلایەن بۆ پێشخستنی رەوتی وەرزش لەهەرێمی كوردستان. یاریگا