بابهت: زیكۆ ڕەزامەندی لەسەر مەرجەكانی ڕاهێنەرایەتیكردنی هەڵبژاردەی عێراق دەردەبڕێ
(ئاكانیوز)- زیكۆ ڕاهێنەری گەورەی بەرازیلی ڕەزامەندی خۆی لەسەر مەرجەكانی ڕاهێنەرایەتیكردنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ پاڵاوتنەكانی ئاسیا بەرەو مۆندیالی 2014ی بەرازیل دەربڕی.
زیكۆ لەم بارەیەوە گوتی، هەموو شتێك ڕەزامەندی لەسەر دراوە و من و پارێزەرەكەم ڕەشنووسی گرێبەستەكەمان بۆ عێراق ڕەوانە كردووە، هەموو شتێك باشە ئەوەی بیزانم، ئەوەی ماوە تەنیا ئیمزاكردنی گرێبەستەكەیە، ڕۆژنامەی “لۆس ئەنجلس”ی ئەمەریكایئەمڕۆ چوارشەم بڵاوی كردەوە.
لە ئێستەدا عێراق لە گرووپی “ئەی” لە گەڕی سێیەمی پاڵاوتنەكانە و لەگەڵ ئوردن، چین و سنگاپوورەدایە كە بڕیارە مانگی داهاتوو (ئەیلوول/سێپتێمبەر) بەڕێوە بچێ.
زیكۆ لەم بارەیەوە گوتی “عێراقییەكان بیر لە ماوەی درێژتری راهێنەرایەتیكردنەكە دەكەنەوە، بەڵام پێم باشە لە ئێستەدا تەنیا بیر لە پاڵاوتنەكانی جامی جیهان بكەیەنەوە”.
زیكۆ /58 ساڵ/ دڵخۆشی خۆی بەراهێنەرایەتیكردنی هەڵبژاردەی عێراق دەربڕی و گوتی ئەو هیچ لە توندوتیژییەكانی عێراق ناترسێ و چاوەڕوانە دووسبەی پێنجشەم بچێتە وڵاتەكە.
لە 2006دا زیكۆ ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ژاپۆنی كرد و بۆ جامی جیهانی سەری خست، هەروەها ڕاهێنەرایەتیی هەریەك لە ئۆلۆمپیاكۆسی یۆنانی و فەنەرباخچەی توركیایی كردووە.
هەڵبژاردەی عێراق دوای دوورخستنەوەی سیدكای راهێنەری ئەڵمانیایی، لە كاتی ئێستەدا بێ راهێنەرە و لە بەردەم یارییەكانی دایە لە پاڵاوتنەكانی پارزەوینی ئاسیا بۆ گەیشتن بەمۆندیالی 2014، بڕیارە یەكەم یاریی خۆی لە 2ی ئەیلول/سێپتێمبەری داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردەن لە هەولێر ئەنجام بدات.
هەڵبژاردەی عێراق هەینی رابردوو لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەر كازم روبەیعی لە یارییەكی ئامادەكاریدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 1-0 گۆڵ لە هەڵبژاردەی قەتەری بردەوە یاریگا