بابهت: دایكانی سكپڕی جگەرە كێش منداڵەكانی ناو سكیان بەڕەو ڕووی مەرگێكی حەتمی دەكەنەوە
پسپۆڕانی بواری تەندروستی منداڵان و ئافرەتانی سكپڕ ڕایانگەیاند كە بەسەردا هاتنی دوكەڵی جگەرە بەسەر ئافرەتانی سكپڕدا , یان ڕاستەوخۆ كێشانی جگەرەكە لەلایەن ئەو دایكانەوە منداڵەكانی ناو سكیان ڕووبەڕووی مردنێكی حەتمی دەكاتەوە و دەبێتە هۆی تێكچوونێكی گەورەی فشاری خوێنی كۆرپەلەكە و لەمەرگێكی ڕاستەوخۆیان نزیك دەكاتەوە .
لەو بارەیەوە تیمێكی پزیشكی و پسپۆڕ لە پەیمانگای – كارولینكسا – ی سویدی ئاشكرایانكرد كە ئەو كۆرپەلانەی كە دایكیان جگەرە كێشن , یان دوكەڵی جگەرەی خەڵكانی تریان بەسەردا دێت تووشی تێكچوونێكی تەواوەتیی فشاری خوێن دەبن , كە ئەوەش دەبێتە هۆی ماندووكردنێكی بەرچاوی ماسولكەكانی دڵی كۆرپەلەكە , كە كاری ئەو ماسولكانە ناردنی خوێنە بەشێوەیەكی خێراتر بۆ تەواوی ئەندامەكانی لاشەی و دواتریش ڕووبەڕووی مەرگێكی كتوپڕیان دەكاتەوە .
ئەو زانا و پزیشكانە هەستان بە پشكنینی " 36 " منداڵ , كە ( 17 ) یان دایكیان جگەرە كێش بوو و دەركەوت كە ئەو منداڵانەی دوكەڵی جگەرەیان بەسەردا هاتووە و لەڕێی خوێنی دایكیانەوە پێیان گەیشتووە تووشی كێشەی گەورە بوون لە لێدانی دڵیان و سوڕی خوێنیان تێك دەچێت و زۆربەی كات تەنگە نەفەسن و ئەوەش لەساڵی یەكەمی تەمەنیانەوە دەردەكەوێت .
ئەو توێژینەوەیە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ئەو منداڵانەی لەتەمەنی یەك ساڵیی دوای لەدایك بوونیشیانەوە دوكەڵی جگەرەیان بەسەردا دەچێت , بەهەمان شێوە كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر سوڕی خوێنی منداڵەكە و فشار دەكەوێتە سەر ماسولكەكانی دڵیان و چوونی خوێن بۆ مێشكیان , جگە لەوەی كە لەكاتی هەناسەداندا ماندوو دەبن و هەندێك جاریش خەویان لێناكەوێت و باری دەروونیان نائارام دەبێت .
دكتۆر – جاری كوهین – ی سەرۆكی تیمە پزیشكیەكە لەو بارەیەوە ووتی : توێژینەوەكەمان ئەوەی ئاشكرا كردووە كە ئەو منداڵانەی دایكیان جگەرە كێشە , یان لەنزیكی خەڵكانی جگەرە كیشەوە دادەنیشن كێشەی بەردەوامیان هەیە لە ڕێكخستنی سوڕی خوێن و لێدانی دڵیان و باش نەگەیشتنی خوێنی پاك بۆ مێشكیان و ڕۆژ بەڕۆژیش باری تەندروستیان بەرەو خراپتر دەچێت و بەرەو ڕووی مەرگی كتوپڕیان دەكاتەوە .
ئەو پسپۆڕانە ئەوەشیان ڕوونكردەوە كە لەكاتی واز هێنانی دایكانی جگەرە كێش لە كێشانی جگەرە , دەكرێت سێ یەكی منداڵانی تازە لەدایك بوو لەمردنێكی حەتمی ڕزگار بكرێن .
سةرجاوة www.islampaik.org