بابهت: دیاردەی جنێودان و نەفرەتکردن------
زانستی دەروون یان دەروونناسی تەنیا کۆمەڵیك زانیاری و ڕێنمایی نییە، بەڵکو ڕێچکەیەکە بۆ تێڕوانین و تێگەیشتن لە ناخی مرۆڤ و هەڵسوکەوتی و کێشە و گرفتە دەروونییەکانی. مرۆڤ بوونەوەرێکی خاوەن بیروهۆشە و زۆرێک لە گرفتەکانی خۆی ئەزانێت و ئەتوانێت چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. ئامانجی دەروونناسیش ئەوەیە کە کارئاسانی بۆ مرۆڤ بکات و یارمەتی بدات لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی دێنە ڕێی لە پەیوەندیدا لەناو ژینگەی دەوربەری و ئەو کۆمەڵه ئاڵۆزەی ژیانی تیادا بەسەرئەبات. هەڵسوکەوتی چەوت و نابەجێ و دژ بە نەریت و بنەماکانی کۆمەڵ، گرفتێکی کۆمەڵایەتییە و گەر ڕێێ پێنەگیڕێت و چارەسەرییان بۆ نەکرێت، ئەوا ژیانی مرۆڤ بەگشتی تووشی بشێوی و بێ باوەڕی و ناهەمواری ئەبێت. گرفت لە هەڵسوکەوتدا چارەسەر ئەکرێت گەر هاتوو تێگەیشتنمان بۆی هەبێت و چەمکەکانی ڕاستکەینەوە و ئاڕاستەکان بزانرێت چۆنن لە ڕێی پرۆسەی دەرککردن (Cognitive Process) و بیرکرنەوەی قوڵ و فێربوونەوە.
یەکێک لەو هەڵسوکەوتە چەوت و نابەجێیانە کە لەلای زۆرێک لە خەڵک بەدی ئەکرێت جنێودان و نەفرەتکرندنه Cursing. وەک دیاردەیەکی دزێوی ناوکۆمەڵ، لە سەردەمی ئێستادا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبووندایە لە نێو گەنجاندا بە گشتی لە سەر ئاستی جیهاندا و بەتایبەتیش لە وڵاتانی ڕۆژئاو و ئەو وڵاتانەی کەلتوری ڕۆژئاوایی تیادا زاڵە. بەپێی ئامارێکی ئەژانسی (ئەسیوشیتید پرێس Associated Press) کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا هاتووە و ئەوە ئاخاتەڕوو کە دیاردەی جنێودان زۆر زیادیکردووە بە بەراوردکردن لە گەڵ 20 ساڵ لەوەوبەر. ڕێژەی (72%) ی پیاوان و (58%) ی ژنان لە ئەمریکا بەبەرچاوی خەڵکەوە جنێوئەدەن. ڕێژه (74%) لە تەمەنی نیوان 18 ساڵی تا 34 ساڵیدان و (48%) لەسەرووی تەمەنی 55 ساڵیدان. بەمەش دەرئەکەوێت کە پیاوان لە ژنان زیاتر و گەنجەکانیش لە بەساڵاچووان زیاتر زیاتر جنێوئەدەن.
جنێودان لە شتە حەرامکراو (Taboo) ه کانی ناو کۆمەڵە لە هەموو کەلتورێکدا، چونکە سەرەڕای ئەوەی بە گشتی (بێجگە لە جنێو لە چواچێوەی نوکتە و گاڵتە) لە نرخی مرۆڤ دائەگرێت و نیشانەی بێڕێزیکردنه و زۆر جار وشه سێکسییە حەرامکراوەکانی تیایدا بەکارئەهێنرێت، یانیش شتە موقەدەسەکانی ئایین ئەگرێتەوە، بە تایبەت جنێودان بە خوا و ڕەمزە ئاینێکان کە لای خەڵک بە کوفرBlasphemy ناوئەبرێت. بەڵام سەرەڕای ئەوەش خەڵک بەکاردێنێت و لە کاتی توڕەبوون و نائومێدی و هۆکاری جۆراوجۆری تریش دەستئەکات بە جنێودان.
لەناو زمانە جۆراوجۆرەکانی جیهان و هەموو کۆڕ وکۆمەڵ و گەڵ و نەتەویەکدا وشەی ناشیرین و ناشیاو وجنێودان و جۆرە کردارێک بەمەبەستی سوکایەتیکردن بەکارئەهێنرێت. مرۆڤ لە هەموو شوێنێک زۆر تاکەم بەدەر لە ئاستی ڕۆشنبیری و پێگەی کۆمەڵایەتی، پەنا ئەباتە بەر ئەو جۆرە وشە و کردارانە لەکات و بۆنەی جیاجیادا. تەنانەت مناڵانیش ئەو وشانە ئەزانن و زۆرجار بەکاریدێنن بەبێ ئەوەی لێی تێبگەن و لە مەبەستی بەکارهێنانی بکۆڵنەوە. لە منداڵان قەبووڵئەکرێت کاتێک پەنا ئەبەنە بەر گریان بۆ دامرکانەوەی سترێس و دڵەڕاوکێ و هەستی دەروونیان. دیارە گریان کردەوەیەکی نابەجێیە بۆ گەورەتەمەن لە لای کۆمەڵ. بەڵام مرۆڤی گەورەش هەر پێویستی بەوەیە کە ناخی خۆی ئارامکاتەوە لەکاتی سترێس و توڕەبووندا، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە پەنا ئەباتە بەر جنێودان.
جنێودان شیوازی زۆرە، زۆر لەو شێوازانەش لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر و لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکی تر جیاوازیان هەیە. ئەوەش بە بەکارهێنانی وشە یان بە هەرجۆرە کردار و نواندنێک بێت بە مەبەستی ئازاردان و ناشرینکردن و بێڕێزی و بیزاربوون و پرۆتێستکردن، ئاڕاستەی کەسێك، گروپێک، دیاردەیەک یان جاروبار شتێکی نادیار ئەکرێت، وەک جنێودان بە ئاماژەکردن بۆ ئەندامی سێکسی کەسی بەرانبەر یان هین دایک و خوشک و کەسانی نزیک و خۆشەویست لەلای، شوبهاندن بە ئاژەڵ یان بە کەسانی بەد ڕەوشت، کەم سەیرکردن، سوکایەتیکردن چ بە گەل و نەتەوە و نیشتیمان یان توێژێکی کۆمەڵایەتی وەک: جولەکە، گاور، قەرەج، دۆم، چەرچی، یانیش بە ناو و ناتۆرەی جۆراوجۆر وەک: دەشتەکی، لادێی، پێ پەتی، ماستاوچی، مەسینەهەڵگر،عارەبانجی (وەک لە کۆمەڵی کوردەواریدا باون). یانیش بە ئاماژە و هێماکردن وەک بەکارهێنانی پەنجەی ناوەڕاست یان بە بەکارهێنانی هوڕن لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیلدا، یان هەر شێوەیەکی ناشیاوی تر. زۆر جار مرۆڤ توشی حاڵەتی وادێت بەخۆشی جنێوئەدات کاتێک ناڕەزاییەتی بەرانبەر بە دیاردەیەک دەرئەبڕێت کە خۆی لێی بە بەرپرسیار ئەزانێت. جاری واش هەیە، بە وشەی ئاسایی و یان جۆرە وشەیەک کە لە حاڵەتی ئاساییدا بۆ ڕێزلێنان بەکارئەهێنرێت، سوکایەتی ئەکرێت وەک ئەوەی ئەوترێت: فڵانەکەس شەکری شکاند، یان کاتێک کەسێک بەویتر ئەڵێت: براگەورەی، لەوەڵامی ئەوەی بە (کەر) ناوی ئەبات، یانیش بە پێچەوانەوە جنێو بۆ پیاهەڵدان و ستایشکردن و جەختکردن لەسەر باسێک بەکارئەبرێت وەک ئەوترێت ( ئەو سەگبابە زۆر جوانە). جار واش هەیە سوپاسکردنی کەسێک لەبری قسەیەک یان هەڵسوکەوتێکی ناشیاو، مەبەستی جنێودان ئەگەیەنێت بەو کەسە. مەرج نیە جنێودان بەرەوڕوو بووترێت، زۆرجار مرۆڤ لەبەر خۆیەوە دەستئەکاتە جنێودان و نەفرەتکردن لەکاتی توڕەبوندا بەبێ ئەوەی ئاڕاستەی کەسێکی دیاریکراوی بکات، بۆ نموونە لەکاتی ڕووداو یان تێکچوونی ئۆتۆمبیلدا، یان حاڵەتی هەڵبوونی چرای سووری ترافیک لەکاتی پەلە و پەرۆشی گەیشتن بە شوێنی مەبەست.
جۆر و شێوەی جنێودان ئەگەۆڕێت بەپێی شوێن و بارودۆخی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە و ئەو حاڵەتە دروونییەی کە مرۆڤ تیایدایە و وای لێئەکات جنێو بدات، وشەی جیاوازی جنێوئامێز بەکاردێنێت، لە بری وشەی پیس و قیزەوەن و زبری نەگونجاو و تابوو بە تایبەت ئەو جۆرە وشانەی پەیوەندن بە سێکسەوە. بۆ نموونە لە دامودەزگا فەرمی و کۆمەڵایەتی و زانکۆ و شوینی کار و شوێنە ئایینێکاندا، مرۆڤ هەرچەندە توڕەبێت و دوچاری سترێس و گوشاری دەروونی بێت، لەو شوێنانەدا بەشێوەیەکی تر پرۆتێست ئەکات و پەنا ناباتە بەر زمانی بازاڕی و جنێودان. گەر نەتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات و زمانی ناشیاو زبری بەکارهێنا و کەوتە جنێودان، ئەوا باجی ئەو هەڵسوکەوتە ئەدات و لەسەر کەسێتی ئەکەوێتەوه و پاییەی کۆمەڵایەتی دێتەخوار.
هەرچەندە زانست و تەکنۆڵۆجی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێشکەوتووە لەم سەردەمەدا و کاردانەوەی تەواوی بەسەر زۆربەی بوارەکانی ژیانی مرۆڤدا داناوە، بەڵام هەر ئەو پێشکەوتنە بووەتە هۆی ئاڵۆزی ژیان و زیادبوونی پێداویستێکان بە تایبەت لە جیهانی سەرمایەداری و بازاڕی ئازادا کە ئامانجی سەرەکی تیایدا کەڵەکەکردنی قازانجە، باری مرۆڤ تادێت قورستر ئەبێت و ناچاری هەڵپەکردن و شپرزەیی ئەکات یان لە باشترین حاڵەتدا مرۆڤ وەکو ڕۆبۆتێکی لێدێت کە کۆنترۆڵی بەدەستی کەسانی ترەوەیە. لەژێر ئەو بارە و لە دۆخێکی وادا مرۆڤ ڕووبەڕووی حاڵەتی سترێس و دڵەڕاوکێ و توڕەیی بێ سنور ئەبێتەوە. توشبوون بەو حاڵەتە دروونییانە دیاردەیەکی زۆر باوە لەناو کۆمەڵانی خەڵک لە وڵاتە سەرمایەدارەکاندا. ئاڵۆزی ژیان و زیادبوونی حاڵەتی هەڵچوون و گرژی دەروونی و ڕاکەڕاکەی ڕۆژانە بۆ سەرکار و کارکردن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، پێویستی پابەندبوون بە کاتی دیاریکراو، کێشەی خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی کار و هاوپیشە و هاوکاراندا، هەموویان مرۆڤ ماندوو و شەکەت Burnout ئەکەن. ئەوەو سەرباری کەڵەکەبوونی کێشە جۆراجۆرەکانی ناو خیزان و ژینگەی کۆمەڵایەتی، کە هەموو هاندەرن بۆ ئەوەی مرۆڤ یاخی بێت و توڕەیی بنوێنێت و دەستکاتە جنێودان وەک دەربڕینێکی هەستی ناخی و ناڕەزایەتی خۆی بەرانبەر بە واقیعی ژیان. ئەوەش وەک هۆکارێکی سەرەکی وایکردوە جنێودان و بەکارهێنانی وشەی ناشیاو بە تایبەت وشەی (F..k) ببێتە بنێشتەخۆشەی سەرزاریان و بەشێکی دانەبڕاوە لە قسەی ئاسایی و زۆر جار هەر دوو ڕستە لە قسەکانیان، بەو وشەیە ئەبەستن بەیەکەوە. تەنانەت زۆرێک لەو گەنجانە ناتوانن قسەی ئاسایی بەبێ بەکارهێنانی ئەو جۆرە وشانە بکەن تا ئەو کاتەیش کە لەگەڵ دایک وباوکیاندا قسە ئەکەن. ئەو دیاردەیەش بە زەقی ڕەنگیداوەتەوە لە بەرهەمەکانی گۆرانی ڕاپ Rap ی ئەم سەردەمە کە پڕن لە جنێو و قسەی سوک و نابەجێ. هەرەها لە فیلمە سینەمایی و ڤیدیۆییەکان و پرۆگرامی چەناڵەکانی سەتەلات و پێگەکانی ئینتەرنێت و بووەتە هۆی زیاتر بڵاوبوونی بەکارهێنانی وشەی ناشیاو و جنێودان. ئەو دیاردەیەش لە دونیای ڕۆژئاوادا گەیشتووەتە ڕادەیەک کە ئەو وشانەی جاران تابوو بوون، لە ڕۆژگاری ئێستادا زۆر ئاسایی بەر گوێمان ئەکەون له قسەوباسی ڕۆژانەدا وەک بەشێکی تەواوکەری ئاخاوتن و لای زۆرێک لە خەڵک بووەتە خوو و ناتوانن خۆ بپارێزن لە بەکارنەهێنانیان لەکاتی قسەی ئاساییدا. زۆر ئاسایی لەناو خوێندگەکاندا بەر گوێ ئەکەون و زۆر جار خوێندکار ڕووبەڕووی مامۆستاکەی بەکارییان دێنێت بێ ئەوەی سزا بدرێت. بەڵام بۆ ژنان بارەکە جیاوازە و بەکارهێنانی ئەو جۆرە وشانە بۆ ئەوان بە پێچەوانەی پیاوانەوە ناشیاوە و تا ڕاسدەیەک هەر وەک تابوو بۆ ژنان ماونەتەوە.
هەرچەندە جنێودان ڕوو لە زیادبووندایە و به شێوەیەکی بەرچاو لەناو خەڵکدا بەکارئەهێنرێت، بەڵام هەر وەک دیاردەیەکی نێگەتییڤ چاو لێئەکرێت، بەتایبەت کاتێک بە مەبەستی ئازاردان و سوکایەتیکردنی کەسانی تر بێت. بەڵام بە بۆچونی پرۆفیسۆری سایکۆڵۆجی ئەمریکایی و نووسەری کتێبی (جنیودان لە ئەمریکا) “تیمۆتی جای Timothy Jay“؛ جنێودان سودێشی هەیە، گەر وا نەبوایە گەشەی نائەکرد و لەناوئەچوو. جای پێیوایە جنێودان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ دامرکاندنی توڕەیی و هەڵچوون و کەمکردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێ، گەرنا پەلاماردان و دەستوەشاندن و ئازارگەیاندنی جەستەیی لێئەکەوێتەوە. لەلایەکی ترەوە جنێو ئاماژەی ئەوەمان ئەداتێ کە پرسێکی گرنگ لە ئارادایە و ئەوەشمان بۆ دەرئەخات تا چ ڕادەیەک باری دەروونی ئەو کەسەی جنێوئەدات نائاساییه و کاری تێکراوە و ئازاری پێگەیشتووه، بەتایبەت بۆ کەسانێک کە بەدەگمەن جنێوئەدەن، ئەبێتە مایەی سەرنجڕاکێشان و سەرسوڕمانی دەوروبەر. بۆیە ئەکرێت بڵێین کە هەر شێوە زمانێک بۆ دەربڕین بەکاردێنین، ڕەنگدانەوەی ناخی دەروونمانە.
خاڵێکی تر کە گرنگە ئاماژەی بۆ بکرێت، پەیوەندی جنێودانە بە کەسێتی تاکەوە. چونکە جنێودان وەکو پێشتر ئاماژەی پێدراوە، پەیوەندییەکی زۆری بە سترێس و توڕەییەوە هەیە، کاردانەوەی هەر کەسێکیش بەرانبەر بە سترێس و توڕەیی جیاوازە لەویتر. بە پێی ئەو توێژینەوانەی لەبواری تایبەتمەندی کەسێتییەوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە ئەوانەی کەمتر جنێوئەدەن، خۆکۆنترۆڵکردن و خۆدابینکردنیان لێ بەدیئەکرێت و توانای دەربڕینیان بەهێزترە. بۆیە ئەبینین ئەو کەسانەی ئەلکهۆل ئەخۆنەوە و کۆنترۆڵ لەدەست ئەدەن، توانای دەربڕینییان کەم ئەبێتەوە و زۆر بە ئاسانی پەنا ئەبەنە بەر جنێودان. بە پێی دەروونشیکاری، جنێودان دەربڕینی خواستەکانی نەستە و شێوەیەکە لە شەڕەنگێزی کە تیایدا وشە لە بری چەک بەکار ئەهێنرێت. هەروەها جنێودان دەربڕینی خواستە چەپێنراو و دژە کۆمەڵ و حەرامکراوەکان ئەگەیەنێت.
ئەوەی تێبینی ئەکرێت لە بارەی جنێوەوە ئەوەیە کە مرۆڤ زووتر لە وشەکانی تری زمان فێری ئەبێت، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە فێری زمانی تازە ئەبن. ئەوەش ڕاستییەکە زۆر لە دایک و باوکان کە دێنە هەندەران تێبینی ئەکەن و ئەبینن چۆن مناڵەکانیان زۆر خێرا هەموو جۆرە جنێو و وشەیەکی ناشیرین فێرئەبن بەر لە هەموو شتێکی تر. ئەوەش بووەتە گرفتێکی گەورەی زۆر لە خێزانەکان و مەترسیان هەیە لە کاردەنەوەی بەسەر منداڵەکانیانەوە. لەو بارەشەوە لێکوڵینەوەیەک دریخستوە کە خێرایی فیربوونی وشەی جنێو، چوار جار لە وشەی ئاسایی تر زیاترە. ئەوەش شتێکە پەیوەندی بە نیوان زمانەوانی و ئەرکی بەشەکانی مێشک و لێکدانەوەی بۆ کۆنسێپتی جۆری وشەکان هەیه.
پێویستە لەم بارەیەوە بڵیم کە زیادبوونی دیاردەی جنێودان و بەربڵاوی بەکارهێنانی جنێو و وشەی ناشیاو لەناو گۆرانی و فلیمی سینەما و ڤیدیۆ و تەلەڤزیۆن و یاری ئەلکترۆنی و ئینتەرنێت و میدیاکانی تردا کە سەرچاوەکەی وڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوایە، ئەگەرێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەو ئەکرێت بۆ دامرکاندنەوەی توڕەیی و سترێسی ژیان کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر گوشار ئەخاتە سەر باری دەروونی خەڵک. مەبەستی سەرەکیش لەو سیاسەتە، ڕێگرتنە لە کاری توندوتیژی کە ئاڵۆزی ژیانی سەردەم و سیستەمی سەرمایەداری، بەردەوام مرۆڤ تووشی کۆمەڵێک حاڵەتی دەروونی ئەکات. ئەگەر هاتوو مرۆڤ بە شێوەیەک لە شێوەکان قین و توڕەیی و گوشار دەروونی خۆی بەتاڵ نەکاتەوە و داینەمرکێنێتەوە، ناچار پەنا ئەباتە بەر شێوازی تر. ئەو ڕاستییەش بە ڕاشکاوی دەرئەکەوێت لەناو خوێندنگەکاندا کە زیاد لە پێویست چاوپۆشی لە بەکارهێنانی جنێو ئەکرێت و بەڕادەی پیوێست لێپرسینەوەی لە سەر ناکرێت، ئەوەش خۆی لە خۆیدا هۆکارێکی ترە بۆ زیادبوونی ئەو دیاردەیە.
[/center]