بابهت: %99ی بەحرەینییەكان مۆبایل بەكاردەهێنن
دەستەی رێكخستنی پەیوەندییەكانی سوڵتاننشینی بەحرەین ئاشكرایكرد كە زیاتر لە یەك ملیۆن مۆبایل لەو وڵاتەدا هەیە و 99% ی هاوڵاتییان بەشێوەیەكی هەمیشەیی مۆبایل هەڵدەگرن، لە نێوانیشیاندا 12%ی ئەو بەشداربووانە دوو مۆبایل بەكاردەهێنن چونكە لەو وڵاتەدا چەند كۆمپانیایەكی مۆبایل هەیە.
كارل ڤان هیسویك راوێژكاری شەپۆلەكانی دەستەی ناوبراو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەكارهێنانی مۆبایل بەشێوەیەكی بەردەوام كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر بەكارهێنەر هەیە و بە تێپەڕبوونی كات هەست بەو بارە دەكرێت، ئەو وتی: "شەپۆلەكانی تۆڕی مۆبایل لەسەر شێوەی شەپۆلی رادیۆییە و دەرەنجامە خراپەكانی پاش ماوەیەكی زۆر دەردەكەوێت لەسەر بەكارهێنەر".
ئەوەشی ئاشكراكرد كە بەكارهێنانی مۆبایل لە شوێنە كراوەكاندا باشترە لە ناو كارگە و كۆمپانیاكاندا چونكە لە شوێنە گشتیەكاندا مرۆڤ زیاتر بەپێوەیە و شەپۆلەكان كەمتر كاری تێدەكەن، بەڵام لەناو كارگەكاندا بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە شەپۆلەكانی مۆبایل كاریگەریان زیاترە.
زانكۆی بەحرەین توێژینەوەیكی لەو بارەیەوە ئەنجامداوەو ئەوەی دەرخستووە كەبەهۆی فراوانبوونی پەیوەندیكردنو زۆربوونی ژمارەی بەكارهێنەران ژمارەیەكی زۆر لە تاوەری پەیوەندی لە بەحرەیندا دانراون و بەو هۆیەشەوە شەپۆلێكی زیاتر بەر دانیشتووان دەكەوێت كە كاریگەرییە سلبییەكانی لە چەند ساڵی داهاتوودا دەردەكەون، بۆیە داوای ئەوەی كردووە كە بەگوێرەی پێویست بورج و تاوەری گواستنەوەی پەیوەندی لە ناوچە جیاجیاكانی وڵاتدا دابنرێن، ئەوەش خراوەتەڕوو كە پێویستە حكومەت هەوڵی ئەوەبدات تاوەرەكان لەناوچە چۆڵەوانیەكاندا دابنرێن و لەو شوێنانە دووربخرێنەوە كە چڕی دانیشتوانیان تێدا زۆرە.
سەرچاوه: ئيلاف
