بابهت: ڕۆماننوس و کێشەی هەقیقەت

[size=16]ساتیرنوسی ئەمریکایی، مارک توین دەیگووت «هەقیقەت لای زۆربەی نوسەران بایەخێکی گەورەی هەیە، لەبەرئەوە لە مەسرەفکردنیدا زۆر دەستدەگرنەوە». ئەم تێگەیشتنە راستییەکی زۆری تێدایە، بەتایبەت گەر بمانەوێت، لە ڕێگای ڕۆمانێکەوە شتێک لە هەقیقەتی نوسەر خۆی تێبگەین. یەکێک لەو تەوەرە گرنگانەی ئەم کێشەیەی تێدا زەقدەبێتەوە، پەیوەندی ڕۆماننوسە بە پاڵەوانەکانی خۆیەوە ... ڕۆماننوس بۆ هەر کوێیەک بڕوات، بەردەوام ئەو پرسیارانە ڕووبەڕووی دەبنەوە «کامە پاڵەوان لە خۆتەوە نزیکە?» «خۆت لە کامە فیگەری ڕۆمانەکانتدا دەبینیتەوە?» «چ کەسایەتییەک لە کەسایەتییەکانت خۆتیت?» «کتێبەکەت چی لەسەر ژیانی شەخسی خۆت ئاشکرادەکات?»... ئەم پرسیارانە ڕەنگە ناخۆشترین پرسیارگەلێکبن روو بە رووی نوسەر ببنەوە. نە لە بەرئەوەی جۆری پرسیارەکان دەستبردنن بۆ نهێنییەکی قووڵی نوسین، بەڵکو لە بەرئەوەی بەشی هەرە زۆری نوسەران، لایەنی کەم نوسەرە باشەکان، لە ڕۆماندا شتێکی ئەوتۆ لە سەر خودی ڕاستەقینەی خۆیان یان ئەوەی پێیدەگووترێت زاتی واقعییان ناگێڕنەوە. بە کورتی ڕۆماننوسان بەو مەبەستە نانوسن، تا چیرۆکی خۆیان وەک خۆی بنوسنەوە، واتە چیرۆکی ئەو ژیانە بگێرنەوە کە ژیاوین... ڕۆماننوسین ژیاننامەی تایبەتی، یان گەورەکردنی بڕگەیەکی نێو ئەو ژیاننامە تایبەتییە نییە. ڕۆماننوسین لە جەوهەردا هەوڵی کەسێک نییە، شەیدابێت شتێک لە ژیانی خۆی بۆ ئەوانی تر بگێڕێتەوە. من بەش بە حاڵی خۆم نوسەرێکی گەورە ناناسم، بکرێت بەو جۆرە سەیری پەیوەندی ژیان و بەرهەمی بکرێت. نوسەرانی گەورە بەدرێژایی مێژوو، باسی شتێکی دیکە دەکەن کە جیاوازە لە خۆیان، دەگەڕێنەوە بۆ هەندێ سەردەم کە تیا نەژیاون، باس لە هەندێ کاراکتەر دەکەن کە نەبوون یان نەیاندیون، باس لە هەندێ ئەزموون دەکەن کە تاقیان نەکردۆتەوە، وە زۆربەی کاتیش ئەوانە فەرامۆشدەکەن و دەیخەنە لاوە کە دەیانناسن، یان بینیویانن، یاخود تیاژیاون. بوونی هەر خاڵێکی هاوبەشیش مەرجی لێکچوون یاخود نزیکی نییە. مرۆڤە هەرە دوور و جیاوازەکانیش خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ یەکدا هەیە، لێرەوە هەر لێکچوونێکی ڕووکەش لە نێوان نوسەر و پاڵەوانەکەیدا ناکرێت، بە سەرەتای لێکچوونی تەواوەتی یان بە هاوشوناسی نێوان نوسەر و پاڵەوانەکەی تەفسیربکرێت. ئەوەی دستۆفسکی باری دەرونی جێگیر نەبووە، پاڵەوانەکانیشی باری دەرونیان جێگیر نییە، هیچ یەک لە پاڵەوانەکان ناکات بە خودی دستۆفسکی. دستۆفسکی ڕاستەقینە لەگەڵ هیچ یەک لە کاراکتەرەکانیدا جووت نییە. دستۆفسکی هەمیشە لە ڕێگای ستافرۆجین، یان راسکۆلینکۆف یان ئەمیر مشکینەوە باسی شتێکی دیکە دەکات کە ژیانە ڕاستەقینەکەی خۆی نییە.
کەواتە پرسیارە گەورەکە ئەوە نییە، فیگەری ڕۆمان چەند لە نوسەر خۆیەوە نزیکە? بەڵکو ئەوەیە چ جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان نوسەر و فیگەرەکانیدا هەیە?. دواجار هەموو پاڵەوانێک، بوونەوەرێکە لەدەستکردی نوسەران، پێش ئەوان بوونیان نەبووە، بەر لەوەی بچنە ناو کتێبێکانەوە کەس بیر لە ئەگەری بوون و نەبوونیان نەکردۆتەوە... بەڵام کە لەدایکدەبن، بەڕاستی دەچنە ناو هۆش و هەستی ئێمەوە، دەبنە بەشێکی گرنگی یادەوری دەستەجەمعیمان، ئەوە ڕۆماننوسانن کە شتێک دەهێننە دونیاوە، کە بوونی نییە، بەلام هێزی لە هێزی شتە واقیعییەکان گەورەترە.
شتێک زۆر کات بیرم لێکردۆتەوە، کۆتایی ڕۆمانی «سوور و ڕەش» ـی ستاندالە. لەوێدا شتێکم لە یادە کە تەعبیرێکی ڕوون لەم دوورییەی نوسەران لە هەقیقەتەوە دەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەوەشمان پێدەڵێت ڕۆماننوسان خەریکی چ جۆرە کارێکن و لە کوێدا بارگە و بنەی خۆیان دەخەن.
لە کۆتایی ڕۆمانی «سوور و ڕەش» دا ژۆلیان سوریل مەحکومە بە مردن، ئەو مەبەستی بووە مادام رێنال بکوژێت. مادام کۆنە دۆستێکی خۆیەتی، کاتێک دەیەوێت ڕێگا لە زەماوەندی نێوان ئەو و ماتێلدا، کچەکەی مارکیز دی لامۆل بگرێت « کە تازە دۆستی ژولیانە» ئەو تەقەی لێدەکات و زامداریدەکات، بێئەوەی بیکوژێت . ژولیان پاشەڕۆژ و داهاتووی خۆی بەو زەماوەندەوە گرێداوە. مادام ڕێنال لە ڕێگای بەرتیل و دیاری بەخشینەوە ڕێگایەک بۆ زیندانەکەی ژولیان پەیدادەکات و دەچێتە لای، لەوێ هەردووکیان لە دیمەنێکی زۆر ڕۆمانتیکی «تا ئەندازەیەک دیکنزییانەدا» باوەش بەیەکدا دەکەن و دان بەوەدا دەنێن کە هەرگیز نەیانتوانیوە خۆیان لە عەشقی یەک پاکبکەنەوە و هەمیشە ئەڤینداری یەک بوون. هەوڵەکانی مادام بۆ ڕێگەگرتن لە مردنی ژولیان بێئاکام دەمێننەوە، ژولیان خۆی کار بۆ ژیان و ئازادی خۆی ناکات. ئەوەی لە کۆتاییدا لە یاد ناچێتەوە، رستەکانی ستاندالە کاتێک ژولیان لە زیندانەکەی دەهێننە دەرەوە و بەرەو مەرگ دەیدەنە پێش خۆیان. ئاخۆ هیچ بوونەوەرێک هەیە بەو پلەیە لە ئاسوودەگی بەرەو مردن بڕوات، ئاخۆ جگە لە فیگەرێکی ڕۆمان یان سینەما کەسێک هەیە ساتی پێش مردن خەیاڵی لای پیاسەیەکی کۆن بێت لە دارستانەکانی فێرجیدا?. ستاندال لەوەسفی دوا ساتی ژیانی ژولیاندا دەڵێت «هەرگیز لە ژیانیدا سەری بەو چەشنە پر لە شاعیرییەت نەبوو، وەک ئەو ساتەی دەبوو تێیدا بمرێت و بکەوێت».
لە ڕاستیدا ئەم دیمەنە، پەیوەندییەکی بە هەقیقەتی مرۆڤەوە نییە. بەڵکو فەنتازیایەکی ڕەها و بێسنووری نوسەرانە، بەڵام ساتێکی دەگمەن و ناوازەی ناو ئەدەبیش نییە. ئەم وێنەیە کە قارەمانێکمان هەبێت لەساتی مردنیدا «سەری پڕ بێت لە شاعیرییەت»، ڕۆحی پڕ بێت لە هەوای ڕۆمانسی، بیری لای مردن نەبێت و خەیاڵی لای جوانی و سروشت و ئەڤینداری بێت، هیچ نییە جگە لە سوود بینینی نوسەران لە ساتێکی نادیار و تەماوی ناو ژیان تا بەوجۆرە دایبڕێژنەوە و شێوەی پێببەخشن کە خۆیان دەیانەوێت. نوسەران
بە گشتی و بەتایبەت ڕۆماننوسان، خەڵکی فورسەتهێنن، ئەو ساتانە دەقۆزنەوە کە هەقیقەت تێیدا بە ڕوونی دیار نییە، لەو دەلاقانەدا هەمیشە شتێک دەڵێن و شتێک دروستدەکەن، سەرساممانبکات و بمانجوڵێنێت. وەک دەزانین هیچ کەس تا ئێستا لە مردن نەگەڕاوەتەوە پێمانبڵێت لە دوا ساتدا سەری کەسانی سەربڕاو چی تێدا بووە، بۆیە بەردەوام ڕۆماننوسان ئەم ساتە تەماوییە بەکاردەهێنن تا شتێک بڵێن لەدەرەوەی چاوەڕوانیمان بێت، لە هەقیقەتەوە دووربێت و لە ئەگەرەوە نزیک بێت.
گەروابێت قسەکەی مارک توین کە دەڵێت «نوسەران لەسەرفکردنی هەقیقەتدا بەخیلیدەکەن» دروستە. بەڵام پێویستی بە دەستنیشانکردنی زیاتر هەیە. نوسەران لە راستیدا زۆر بۆ ئەو جێگایانە دەڕۆن کە یەقین تێیدا ئەستەمە، واتە هەقیقەت خۆی لە ژێر گوماندایە. بەجۆرێک گەر لە ئاست پەیوەندی نوسەر و پاڵەوانەکانیدا قسەبکەین، دەبێت بڵێین نوسەران لە ئاست گێڕانەوەی هەقیقەتی خۆیاندا بەخیلن، واتە ئەستەمە لە ڕێگای تێێکستەکانەوە دەروازە بۆ ناو ڕۆحیان بدۆزینەوە... بەڵام لە ئاست خوێندنەوە و قووڵبوونەوە لە دونیای ئەوانی دیدا بە جۆرێکی دی ڕەفتاردەکەن. بەڵام لە ڕۆماندا «ئەویدی» کەسێکی دیاریکراو و دەستنیشانکراو نییە.
لێرەدا بۆچوونێکی «چیستەرسۆن» هەیە کە دەهێنێت بە نمونە بیهێنمەوە، ئەو پێیوایە ڕۆمانی باش کەمترین ڕاستی دەربارەی نوسەرەکەی و زۆرترین راستی دەربارەی پاڵەوانەکەی ئاشکرادەکات. بەڵام لەگەڵ دروستی ئەم بۆچوونەشدا هەمیشە ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە : ئەگەر ڕۆمان یان پاڵەوانی ڕۆمان هەقیقەتی نوسەرمان پێ ناڵێت، یان هەر مەبەستی نییە توخنی هەقیقەتی واقیعی بکەوێت. ئەی چی نیازێکی هەیە? ئایا هەقیقەت لە رۆماندا تەواو فەنتازییە و کارێکی بە نوسەرەوە نییە?. واتە ئایا دابڕانی فیگەری ڕۆمان و هەقیقەت دابڕانێکی رەهایە? ئاخۆ خودی پاڵەوانەکە، هیچ دەربارەی نوسەر ئاشکرادەکات?.
ئەوەی نوسەران دەیانەوێت کەمترین شت لەسەر خۆیان بنوسن، ئەوەی دووبارەکردنەوەی هەقیقەتی زانراویان بۆ گرنگ نییە، هیچ لە زەبری ئەو پرسیارە کەم ناکاتەوە کە بۆ ڕۆماننوسان ئەم پاڵەوانە هەڵدەبژێرن و ئەوی دی نا?... بۆ ئەم چیرۆکە هەڵدەبژێرن و ئەویدی نا ?... بۆ لەم بابەتە قسەدەکەن و لەویدی نا?.
ئەوەی لە ئەزموونی بچوکی خۆم و ئەزموونی هەندێک ڕۆماننوسی ترەوە تێیدەگەم ئەوەیە: ڕاستە ڕۆماننوس شتێک لەسەر هەقیقەتی ئێستای خۆی ئاشکراناکات، راستە شتێک لەسەر خودی واقیعیانەی خۆی نادرکێنێت، بەڵام شتگەلی زۆر لەسەر «هەقیقەتە ونبووەکانی» خۆی دەڵێت. هەقیقەت تەنیا ئەوە نییە کە هەیە، بەڵکو ئەوەشە کە دەشیا هەبێت و لەدەستمان داوە. وەک چۆن هەقیقەتی مێژوو تەنیا لەو ڕووداوانەدا نییە کە ڕوویانداوە، بەڵکو لە تەواوی ئەو دەرفەت و ئەگەرە دۆڕاوانەشدایە کە دەکرا رووبدەن و خنکێنراون و ڕوویان نەداوە... «ئەوەی کە روونادات» گرنگییەکەی کەمتر نییە لەوەی «کە روودەدات». ئەم هەقیقەتە هەم بۆ مێژووی کۆمەڵگا و هەم بۆ مێژووی شەخسی مرۆڤەکانیش دروستە... بەڵام جیاوازی ڕۆماننوس لەگەڵ خەڵكانی تردا ئەوەیە کە بەشی زۆری کاری ڕۆماننوس دەچێتە ناو ئیشکردنەوە لەو مەودایەدا کە دەکرا ڕووبدات و ڕووی نەداوە... مادام بۆڤاری بە راستی بوونی نەبووە، بەڵام ئەگەرێکی ڕاستەقینەی ناو ژیانی کۆمەڵایەتی فەرەنسای ئەو سەردەمەیە کە مادام بۆڤاری بوونی هەبێت. ئانا کارنینا بوونی نەبووە، بەڵام ئەگەرێکی ناوەکی کۆمەڵگای ڕوسییە، کە دەشیا ئانا کارنینا بوونی هەبایە. واتە ئەدەب ئەوەمان بۆ ناگێڕێتەوە کە هەیە، بەڵکو ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دەشێت هەبێت یان دەکرا هەبایە.
لە کتێبەکەی «کڤێتۆسلاڤ چیڤاتیک»دا «تەڵەکانی دونیا» دەربارەی میلان کۆندێرا، بۆچوونێکی کۆندێرا و یەکێکی مارتن ڤالزەر وەردەگرم کە نزیکن لەم تێگەیشتنەوە. کۆندێرا لە جێگایەکی ناو ڕۆمانەکانیدا بە ڕوونی تەعبیری لەم دۆخە کردوە و دەنوسێت «کەسایەتی ناو ڕۆمانەکانم، ئەگەرەکانی خۆمن کە نەهاتوونە دی. لەبەرئەوە هەموویانم وەک یەک خۆشدەوێت، هەموویان هەمان ترسم تێدا دروستدەکەن. هەریەکەیان هێڵێکیان بەزاندوە و لە سنوورێک پەڕیونەوە کە من نەمتوانیوە بیبەزێنم و بپەرمەوە لێی. خودی ئەو سنوورەیە کە من ڕادەکێشێت، سنوورێک دەکەوێتە ئەو دیو ئەو جێگایەی «من»ـی من تێیدا کۆتایی دێت. لەو دیو ئەو سنوورەوە نهێنییە گەورەکان دەست پێدەکەن. ئەو نهێنیانەی ڕۆمان بەدوایاندا وێڵە». هەر لەوێدا کۆندێرا دەڵێت کە رۆمان جۆرە دانپیانانێک نییە، واتە درکاندنی نوسەر نییە بۆ نهێنی خۆی، بە پێچەوانەوە دۆزینەوەی مانای ژیانە لە ژێر هەلومەرجی نوێدا، واتە لەو ساتانەدا کە جیهان لە ژێر پشکنیندا دەخرێتە بەر ئەگەری نوێوە. کۆندێرا دەڵێت «نوسەر لە ژیانی خۆیەوە شت دروستدەکات، بەڵام شتێکی لێ دروستدەکات، تەواو جیاوازە لە ژیانی خۆی».
واتە ئەوەی ڕۆماننوس دەبزوێنێت، خودە ئاشکرا و دیار و ئامادەکەی خۆی نییە، ئەوە نییە کە تیاژیاوە، بەڵکو هەموو ژیانەکانی ترێتی، تەواوی ئەو ئەگەرانەی دەکەونە سەر سنووری ژیانی خۆی و ژیانی کۆمەڵگاکەی. کاتێک پاڵەوانێک دروستدەکەین خودە واقیعییەکەی خۆمانی ناخەینە ناو، بەڵکو هەموو ئەو ڕەهەندانەی دیکەی خود دەدۆزینەوە کە بزرمانکردوە، هەقیقەتی ئەوەی پێ ناگێڕینەوە کە بینیومانە، بەڵکو کۆی ئەگەرەکانی بینین و گێڕانەوەی پێ تاقیدەکەینەوە. پاڵەوانی ڕۆماننوس لە ڕۆماننوس خۆی ناچێت، بەڵکو لەو ئەگەرانە دەچێت کە ڕۆماننوس دەستی پێیدا نەگەیشتووە... واتە ڕۆمان ئەو ژیانەی نوسەر نییە کە تێیدا ژیاوە، بەڵکو ئەو ژیانەیەتی کە تێیدا نە ژیاوە.
ڕۆماننوسی ناسراوی ئەڵمانی مارتن ڤالزەر بە جۆرێکی تر، تەعبیری لە هەمان گرفت کردوە. ڤالزەر دەڵێت «من ناتوانم ئەوە بگێڕمەوە کە بەسەرم هاتووە. ئەوە دەبێتە دووبارەکردنەوەی شتێکی ناخۆش و تەحەمول نەکراو، بەڵام دەبێت وەڵامی ئەو شتانە بدەمەوە کە بەسەرمدا هاتوون. پاڵەوانی ڕۆمان دەرخستنەوەی ئەگەرە شاردراوەکانە. ئەو منداڵەی بوکەشوشەیەکی بەدەستەوەیە دەتوانیت لە زاری ئەوەوە هەندێ ڕستە بڵێ کە بەبێ ئەو هەرگیز ناتوانێت بیانڵێت. بە هۆی بوکەشوشەکە و لە ڕێگای ئەوەوە زمان و بوێری و ئارەزووی هەیە. لە ڕێگای بوکەڵەیەک کە فیگەری ئەمیرە یان چەتەی هەیە، منداڵ ڕادیکالانە تەعبیر لە خۆی دەکات، بێبەربەست و بە شەوقەوە. فیگەرەکانی نوسەری ڕۆمانیش وەک بوکەشوشەی ئەو وان و لە ڕێگایانەوە وەڵامی ئەزموونەکانی خۆی دەداتەوە، تا وایان لێدێت نوسەر توانای تەحەمولکردنی ئەو ئەزموونانەی دەبێت و هێزی ئەوەی دەبێت لەگەڵیاندا بژی، بەڵام گەر بهاتبایە و خۆی تەنیا فیگەر بایە، کاری زۆر کەم دەوەستا و زۆر کورتی دەهێنا».
نوسەر گەر لەو جێگایەدا بوەستێت کە خۆی و ئەزموونی ژیانی تێیدا کۆتاییان دێت، واتە لە جێگایەکدا وەستاوە بەشی دروستکردنی ڕۆمانێکی باش ناکات. ئەو هەقیقەتانەی کە نوسەرێک دەیانبینێت و تیایاندا ژیاوە لەوە سنوودارترن کە گەردونێکی گەورەی وەک ڕۆمانی پێ دروستبکرێت، بۆیە لە ڕێگای کاراکتەرەکانی ترەوە ئەو ئەزموونانە دەژین کە خۆمان تیانەژیاوین. لێرەوە «ڤالزەر» لەسەر هەقە، رۆمان گێڕانەوەی ژیان نییە، بەڵکو وەڵامدانەوەیە بە ژیان. گێڕانەوەی بەسەرهاتی خود نییە، بەڵکو پشکنینی ئەو دیوەیەتی کە نادیار و تەماوییە.
گەر دواجار بگەڕێمەوە بۆ لای پاڵەوانەکەی ستاندال، بۆ ئەو جێگا تەماوییەی ژیان کە هیچ کەس بەدروستی نازانێت چی تێدا دەگوزەرێت، دەکرێت بڵێم، کە تەواوی ڕۆمان لەو شوێنەدا کاردەکات کە تێیدا هەقیقەت نەبۆتە یەقین، واتە ئیشی ڕۆماننوس لەسەر هەقیقەت خۆی نییە، بەڵکو لەسەر ئەگەرەکانی هەقیقەتە... لەسەر جێگا تەماوییەکانە، لەسەر ساتە تەماوییەکانە، ئەوەی لەسەری ژولیان سورێلدا لە دوا ساتدا دەگوزەرێت، ئەگەرێکە لە ئەگەرەکان... دەکرا ستاندال هەر ئەگەرێکی تر هەڵبژێرێت، خودی ئەو کۆتاییە هیچمان لەسەر ژیانی ستاندال خۆی بۆ ئاشکراناکات، بەڵام یەکێک لە ئەگەرە فەنتازییەکانی مردنمان لە خەیاڵی ستاندالدا بۆ ئاشکرادەکات، ئەوەمان پێناڵێت ستاندال چۆن مردوە، بەڵام ئەوەمان پێدەڵێت چ جۆرە مردنێک ئەفسونی لێکردوە و خەیاڵی خرۆشاندوە. لە ڕێگای ژولیان سوریلەوە هیچ لە ژیانی ستاندال خۆی نازانین ئەوەنەبێت کە ژیانێکی فەنتازیی ستاندالە کە خۆی تیانەژیاوە. لەوەش بگوزەرێین هەموو ڕۆمانە گەورەکان، بە ڕووداو و کارەکتەرەکانیانەوە، لەو ڕووبەرە تەماوییەی ژیاندا ڕووودەدەن کە بەر هەقیقەت دەکەوێت و لێی دووردەکەوێتەوە... دەشێت ڕاست بێت و هەبێت، بەڵام ڕاستیش نییە و نییە. لێرەوە ڕوونتر لە مارک توینیش تێدەگەین؛ بۆیە نوسەران لە مەسرەفکردنی هەقیقەتدا بەخیلن، چونکە بۆئەوەی تێبگەن هەقیقەت چییە، دەبێت ئەو دیوەی ببینن کە هێشتا نەهاتۆتە دی.
ژولیانی ستاندال کەسێکی ڕاستەقینە نییە، بەڵام گەر ڕاستی هەموو فۆرم و شێوەکانی خۆی وەربگرتایە، گەر بیتوانیایە هەموو ئەگەرەکانی ناوی بهێنێتە دی، ژولیان یەکێک بوو لە ئەگەرە هەرە نزیک و بەهێزەکان
[/size]
*بەختیار عەلی *
https://www.facebook.com/Yebwn
[size=16]ببورن هاوریان لەبەر خوێندن ناتوانم زۆربێمە مەکۆ [/size]