1

بابه‌ت: مۆرینۆ: بە هیچ شێوەیەك لە ڕیاڵ مەدرید ناڕۆم

جۆزێ مۆرینۆی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید ئەو هەواڵانە بەدرۆدەخاتەوە کە باس لە ڕۆیشتنی دەکەن لە یانە ئیسپانییەکە و، داوای لێبوردنیش لە هاندەرانی یانەکەی دەکات بەهۆی ڕەفتارەکانییەوە لە کلاسیکۆی چوارشەممەی ڕابردوودا بەرانبەر بەرشلۆنە.
مۆرینۆ لێدوانەکەی بۆ وێبگەی فەری ڕیاڵ مەدریدا و وەكو وەڵامێك بوو بۆ گوتەبێژەکەی کە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو مۆرینۆ دەیەوێت لە مەدرید بڕوات.
+Canal ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبوویەوە و لەسەر زاری بریکارەکەی مۆرینۆوە نووسیبووی کە ڕاهێنەرە پورتوگالییەکە بیر لە ڕۆیشتن دەکاتەوە لە ئیسپانیا دوای شکستەکەی بەرانبەر بەرشلۆنە لە یاریی گەڕانەوەی سوپەرکۆپادا لە هەفتەی ڕابردوو.
پێشتریش یەکیەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا ڕەتی کردەوە سزای مۆرینۆ بدات لە مەڕ ئەو ڕەفتارەی لە بەرانبەر تیتۆ ڤیلانۆڤای یاریدەدەری ڕاهێنەری بەرشلۆنە نواندی.
هەر چۆنێك بێت، مۆرینۆ بە وێبگەی فەرمیی ڕیاڵ مەدریدی گوت:”تەنیا ئەوانەی من ناناسن دەتوانن خەون ببینن، یاخود وا باوەڕ بکەن کە من لە ڕیاڵ مەدرید دەڕۆم لەم قۆناغەدا.”
“سەرۆکی یانەکەمان زۆر نایابە، کەسێکی زۆر ژیرە و پەیوەندیییەکی پتەوم لەگەڵیدا هەیە. هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی لە یانەکە هەیە کە ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کار بۆ یانەکە دەکات، لەبەرئەوە مەدریدیسمۆی من [بەواتایی ڕیاڵییەکەی من] زۆر مەزنترە لە هەندێك لە زڕناوە مەدریدیستاسەکان.”
[مەبەستی لەوەیە لە زۆرێك لە هاندەرە کەمئەمەکەکانی ڕیاڵ مەدرید مەزنترە و یانەکەی زیاتر خۆش دوێت].

گوتیشی:” بە هیچ جۆرێك من لێرە ناڕۆم، بە هیچ جۆرێك!”
“هەروەها دەخوازم داوای لێبوردن لە مەدریدیستاسەکان [هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید] بکەم، وە تەنیا لەوان داوای لێبوردن دەکەم، بۆ هەڵسوکەوتەکەم لە دوایین یارییماندا.” یاریگا