بابهت: نووستنی گەنجان زۆر گرنگە....
زۆرێك لە كچان لەسەر درەنگ خەوتن ڕاهاتوون، وە بە بۆچوونی خۆیان ئەمە هیچ كاریگەریی نابێت ئەگەر ڕۆژانی هەینی و پشوو وە هەروەها لە كاتی پشووی هاوین و زستان دا بێت.
بەڵام لەگەڵ دەسپێكردنەوەی خوێندن لە ڕۆژانی دواتردا ئینجا كێشەكان دەست پێدەكات، چونكە پێویستە بەیانی زوو هەستن بۆ ئەوەی بچن بۆ قوتابخانە یان زانكۆ ، لەكاتێكا كە تێر خەو نەبوون یان هیچ نەبێت باش نەخەوتوون .
بێگومان ئەمەش لە زۆر شتدا كاریگەرییان لێدەكات، لەوانەش: نەمانی تەركیز لەكاتی ئامادەبوونەكان یان لەكاتی وانەكان.
هەندێ لێكۆڵینەوە لەم بوارەدا كراوە و دەریان خستوە كە له (20%) قوتابیانی ناوەندی لەناو پۆلدا دەخەون، بێگومان ئەمەش كاریگەری لەسەر ئاستی دەرچوونیان لە تاقیكردنەوەكان دا دەبێت.
جگە لەمەش كەم خەوتن كاریگەری لەسەر ئەو كەسانە دەبێت كە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن، هەمووشمان ئەو كێشانە دەزانین كە بە هۆی نەمانی تەركیز لەكاتی ئۆتۆمبیل هاویژتنەوە دروست دەبێت.
هەروەها كاریگەری لەسەر تەندروستی بە شێوەیەكی ڕاستەو خۆ دەبێت لەمەش خراپتر كاریگەری لەسەر باری دەروونیش دەبێ، وات لێدەكا هەست بە دڵتەنگی و توڕەیی و دڵەڕاوكێ بكەیت، لەبەر ئەمانە، پێویستە ماوەیەكی باش بخەویت و لاشەت كاتی خۆی وەرگرتبێت لە نوستن و حەوانەوە.
لەوانەیە ئێستا بپرسی جا باشە من چۆن بزانم بەشێكی باش خەوتووم؟
ئەمە هەندێ لەو نیشانانەیە كە بەڵگەن لەسەر ئەوەی بەباشی نەخەوتووی :
- بەزەحمەت خەبەر بوونەوە و بەگران هەستان لە بەیانیاندا.
- نەمانی تەركیز و كەم توانایی باش بیركردنەوە.
- خەوەنوسكێ لەكاتی وانەكان.
- هەست كردن بە دڵتەنگی و دڵەڕاوكێ و توڕەی.
ئەمەش هەندێ ئامۆژگاریە كە یارمەتیت دەدا بۆ خەوێكی خۆش و هێمن:
- هەوڵ بدە كاتی خەوتن و هەستانت جێگیر بێت، تەنانەت لە كاتی پشووشدا، ئەگەر لاشەت لەسەر كاتێكی دیاریكراوی خەوتن و هەستان ڕاهات زۆر دەحەوێتەوە، بۆیە كاتێك دیاری بكە، وە لە یەك كاتژمێر زیاتر دوامەكەوە بۆ خەوتن، وە لە دوو یا سێ كاتژمێر زیاتر درەنگ مەكەوە بۆ هەستان.
- بەردەوام وەرزش بكه بە ڕێكی، بەڵام پێش ئەوەی بخەوی وەرزش مەكە، چونكە لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشت و ئەمەش خەوەكەت بڕەوێنێتەوە.
بەڵام شارەزایانی ئەم بوارە جەختیان كردۆتەوە كە ئەنجامدانی وەرزش پێنج یان شەش كاتژمێر پێش خەوتن یارمەتیت دەدا بۆ خەوێكی ئارام و خۆش و هێمن.
- دووربكەوەرەوە لە خەو ڕەوێنەرەوەكان: ئەو خواردنەوانەی كە ماددەی كافیینی تێدایە وەكو قاوە و بیبسی و كۆلاو ڤانتا و (هەموو ئەوانەی ماددەی سۆدەیان تێدایە) دوای كاتژمێر چوار یا شەشی ئێوارە مەیانخۆرەوە، چونكە هەموو ئەمانە خەوتنەكەت ناخۆش دەكا، لەوانەشە لە شەوا تووشی دڵەڕاوكێت بكا.
- مێشكت بحەوینەوە، بەوەی دووری بخەیتەوە لەو شتانەی زۆر مەشغوڵی دەكات پێش خەوتن ، وەكو بەسەرهاتێكی كاریگەر، یان تەماشا كردنی تەلەفیزیۆن و ئەو جۆرە فلیمانەی كاریگەرییان هەیە لەسەر دەروون بەتایبەت فلیمی ترس، یان هەر شتێك كە وا لە مێشكت دەكا هەر بیری لێ بكەیتەوە و توانای خەوتنت نەبێت لە كاتی دیاری كراو یان زۆر لەوە دواتریش.
- ڕووناكی ژوورەكە زۆر كز بكە، چونكە ڕووناكی زۆر و زەق مێشكت بە ئاگا دەهێنیتەوە هەتا كاتێك دەزانی وا بەیانیە و تۆش هەر نەتتوانیوە بخەوی.
- لەڕۆژدا یەك تۆز بخەوە، چونكە ئەگەر زۆر بخەوی شەو خەوت لێناكەویت تا درەنگ و بەمەش دوا دەكەویت لە خەوی شەو.
- بەهیچ جۆرێك شەوی پێش تاقیكردنەوە درەنگ نەخەوی، بەبیانوی ئەوەی سەعی دەكەیت، چونكە ئەو زانیاریانەی مێشكت وەری دەگرێ و پاشكەوتی دەكات پێویستی بە كاتێكی نوستنی تەواو هەیە تاكو لە كاتی پێویستدا بەكار بهێندرێن.
- كەش و هەوایەكی لەبار بۆ شوێنی خەوەكەت دروست بكە، بۆ نمونە ئەگەر كەشی ژوورەكە گەرم بوو سارد كەرەوەیەك بەكار بهێنە، هەروەها بێدەنگی ژوورەكە ڕابگرە و دووریخەوە لە هەموو دەنگێكی ناساز.
- لە بەیانیشدا بە ڕووناكیەكی شەوقدار هەستە، چونكە ڕووناكی بەرز لەشت ئاگادار دەكاتەوە كە ئێستا كاتی هەستانە، وە یارمەتیشت دەدا بۆ زوو بەئاگا هاتنەوە.
- ئەوەشمان لەبیر نەچێت خوای گەورە شەوی بۆ حەوانەوە و خەوتن دروست كردوە، ڕۆژیش بۆ ئەنجامدانی كارو بارەكانمان هەروەكو دەفەرموێت [ وَجَعَلْنَا اللَّيْلَ لِبَاسًا ] واتە: ئایا شەوگارمان بۆ نەكردون بە پۆشاك, كە تیایدا دەشاردرێنەوە؟ [ وَجَعَلْنَا النَّهَارَ مَعَاشًا ] واتە: ئایا ڕۆژگارمان بۆ نەكردونەتە هۆی ژیان و هەوڵ و كۆشش بۆ بەدەستهێنانی ڕزق و ڕۆزی؟ سورەتی النبأ / ئایەتی (10-11)، ئەمڕۆ زانستیش جەخت لەسەر ئەم دانەر و كار جوانیەی پەروەردگار دەكات، بەوەی كە خەوی دوو كاتژمێری شەو سودی زیاترە لە هەموو خەوی ڕۆژێك، هەربۆیە پێویستە بۆ حەوانەوەی جەستە و دەروون و مێشكمان خەوی شەو بێنرخ تەماشا نەكەین وە مانەوەی تا درەنگی شەویش نەبێتە خووی ڕۆژانەمان.
سەرچاوە :خوشکان
