بابهت: زوو ژنهێنان تەمەن درێژی منداڵ مسۆگەر دەکات.
ئەو ژنانەی له تەمەنێکی پیرییدا منداڵیان دەبێت، تەندروستی ئەو منداڵانە ناهەموار دەبێت. ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، که هەروەها ئەو باوکان بەچوونە تەمەنەوه منداڵ دەخەنەوه، کاریگەری نەگەتیڤ لەسەر تەندروستی منداڵاکانیان جێدەهێڵن و بەهۆیەوه ئەگەرەکانی کورتبوونەوەی تەمەن ڕوو له بەرزبوونەوه دەکەن.
زانیارییه پزیشکییەکانی پێشووتر دەریانخستبووه، که تەمەنی ژنان کاریگەری نەگەتیڤ دەکاتە سەر خستنەوەی منداڵ. بەڵام لەناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەیەکی نوێیەوه دەردەکەوێت، که هەروەها تەمەنی پیاوان کاریگەری نەگەتیڤی بۆ سەر تەندروستی منداڵان هەیه. لێکۆڵینەوەیەکی زانستی نوێ ڕوونی دەکاتەوه، که ئەو پیاوانەی لەسەرەتای تەمەنی (45) ساڵییەوه منداڵ دەخەنەوه، ئەگەری مردنی منداڵەکانیان بەڕێژەیەکی زۆر بەرز دەبێتەوه، ئەگەر لەگەڵ پیاوانەی تەمەنی (25 بۆ 30) بەراورد بکرێن.
توێژەران له زانکۆی "Århus"ی دانیمارکی لەئاکامی لێکۆڵینەوەکانیان پێیانوایه، که تێپەڕبوونی تەمەنی کاریگەری دەکاتە سەر باشی جۆری سپێرمەکان و ئەوەش کاردانەوەیەکی نەگەتیڤ لەسەر تەندروستی منداڵه لەدایکبووندا جێدەهێڵێت. هەروەك بۆ توێژەران دەرکەوتووه، که به تێپەڕبوونی تەمەن پەڕین له خانە تۆوییەکاندا زیاتر ڕوو دەدات.
دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووه، که ئەو منداڵانەی له باوكێکی پیر دێنە ژیانەوه، ئەگەری مانەوەیان لەژیاندا زۆر کەمه و زۆربەشیان لەسکی دایکیاندا دەمرن و ڕێژەی ئەو مردنەش زۆرجار دەگاته دووئەوەنده. هۆکاری ئەو مردنەش بۆ نەخۆشییه بۆماوەییەکان دەگەڕێتەوه، که دەبێته لێنەدانی دڵ بەشێوەیەکی تەندروست و ناڕێکی له بڕبڕەی پشتدا. هەروەها پێیدەچێت، که برینداربوون و ژەهرایبوونی کۆرپەکان دووئەوەند زیاتر ببن.
"Jin Liang Zhu"، نووسەرێکی ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە، هۆکاری مردنی منداڵان بۆ دەرکەوتنی نەخۆشییەکانی وەك پەرکەم (=Epilepsy) و گۆشەگیری (=Autism) دەگەڕێنێتەوه. ناوبراو له درێژەی پەیڤەکانیدا دەڵێت: "لەڕێگای ئەو دوو نەخۆشییەوه منداڵان زیاتر هەوڵی خۆ بریندارکردن یان خۆ ژەهرکردن دەدەن."
توێژەری ناوبراو و هاوەڵەکانی لەسەر ڕووپەری گۆڤاری "European Journal of Epidemiology"دا دەنووسن، که گرفتەکانی منداڵ دروستکردن له تەمەنێکی درەنگدا زۆر ئاڵۆزتره، وەك لەوەی تاکو ئێستا هەستی پێدەکرا.
بۆ گەیشتن به ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیه توێژەران لەنێوان ساڵەکانی (1980 بۆ 1996) هەڵسان به پشکنینی (102879) هاوسەر و نۆبەرەکانیان. لەکاتێکدا ڕێژەی مردنی منداڵ له باوکانی تەمەن (25 بۆ 30) تەنها (0.68%) بوو، کەچی ئەو ڕێژەیەیی مردنی منداڵان له باوکانی تەمەن (45) ساڵ و بەرەوو ژوورتر گەیشتبووه (1.2%). له (831) منداڵ (601) پێش تەواوکردنی تەمەنی یەك ساڵی گیانیان لەدەستدابوو.
توێژەرانی ئەم لێکۆڵینەوەیە له تەك تەمەنی باوك تەمەنی دایکانیشیان ڕەچاوکردبوو، هەروەها جیاوازی باری کۆمەڵایەتی و ئابووریش. هەروەك له ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیەوه دەرکەوتووه، ئەو باوکانەی تەمەنیان خواروو (25) ساڵ بووه، ڕێژەی مردنی کۆرپەکانیان بەرزبوونەوەیەکی کەمی تێدا بەدیکراوه. بەڵام هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیەش توێژەران بۆ باری ئابووری هەرزەکاران دەگەڕێنەوه، که لەکاتی دووگیانی دایکاندا ڕۆڵێکی کاریگەری دەبینێت. بەڵام باوکانی تەمەن (45) ساڵ و بەرەوو ژوورتر باری کۆمەڵایەتی یان ئابووری هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی بۆ سەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردنی منداڵان نەبووه
سەرچاوە:خوشکان
