بابهت: بەرازیل سەركەوت و بەلجیكیەكانیش كاروانی سەركەوتنی ئیتاڵیەكانیان وەستاند
ئەمڕۆ لەمیانەی یاریەكانی ئۆڵۆمپیادی پەكینداو لەكێبڕكیی تۆپی پێدا، هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی بەرازیل توانی لەهەڵبژاردەی كامیرۆن بباتەوەو هەڵبژاردەی بەلجیكاش ئیتاڵیەكانی بێهیواكرد.
لەگێی یەكەمو دووەمی یاریەكەدا هیچ لایەكیان نەیان توانی گۆڵ تۆماربكەنو بەو شێوەیە كاتی یاسایی یاریەكە بە یەكسانبونی نێوانیان بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
دواتر بۆ یەكلایكردنەوەی ئەنجامەكە پەنا برایە بەر گێمی زیادكراو، كە تێیدا رافایل سوبیسی بەرازیلی لەخولەكی 101 دا توانی گۆڵی یەكەم تۆماربكاتو دواتریش لەخولەكی 105 مارسیلۆ ڤێرا گۆڵی دووەمی تۆماركردو كامیرۆنی بێهیواكرد، بەو ئەنجامەش بەرازیل سەركەوتنی بۆ قۆناغی چواری پاڵەوانێتییەكە مسۆگەر كرد.
لەیاری دووەمیشدا هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی بەلجیكا توانیان بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بەدوو گۆڵ شكست بە هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی ئیتاڵیا بێنن.
گۆڵەكانی بەلجیكا لەلایەن یاریزانان موسا دیمبیلیو كیڤان میرالیسەوە لەخولەكەكانی 24 و 45 و 79 دا تۆماركرانو دوو گۆڵەكەی ئیتاڵیاش یاریزان جیوسیبی ڕوسی تۆماری كرد.