بابهت: هاوڕێ باشەكان زۆرن بەڵام
هاوڕێ باشەكان زۆرن بەڵام دۆزینەوەیان كارێكی گرانه
ئەگەر بەكورتی پێناسەی وشەی هاوڕێ بكەین، ئەو پەیوەندیەیە كەلەنێوان دوو كەس یان چەند كەسێكدا بوونی هەیە، ئەم پەیوەندییەش بەپێی پێویستیو جۆری كەسەكان دەگۆڕێت.
حەزدەكەم بۆ زیاتر ئاشنابوونتان بەجۆرەكانی هاوڕێیەتی, ئەو بنەمایانە بخەمەڕوو كە پەیوەندی هاورێیەتی لەسەر دروست دەبێت كە ئەمانەن:
ـ بەرژەوەندی تایبەتی لەنێوان كەسەكاندا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.
ـ كاری ڕۆژانە چ لەدامەزراوەكانی حكومەتدا یان دامەزراوەی مەدەنیدا.
ـ خۆشەویستی لەنێوان كەسەكاندا .
ـ ئایین، كەئەمەش یەكێكە لەو هۆیانەی پەیوەندییەكی پتەوی لەسەر دادەمەزرێت.
ئێمەی مرۆڤ ئازادین لەهەڵبژاردنی كەسەكاندا، بۆ ئەوەی ببن بەهاوڕێمان، گرنگ ئەوەیە كەبزانین كێ دەكەین بەهاوڕێی خۆمان.
دوو كەس یان زیاتر كەدەبن بەهاوڕێ ئاشكرایە لێكچوون لەنێوانیاندا هەیە یان هاوبەشن لەچەند ڕوویەكەوە وەك (كەسێتیو جۆری بیركردنەوەو ڕەوشتو ڕەفتاری ڕۆژانەو...هتد).
لەو باوەڕەدام لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆربەی زۆری پەیوەندی هاوڕێیەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەتی دادەمەزرێتو كاتییە، هەر لەهاوڕێیەتی نێوان دووكەسی هەمان ڕەگەز تا دەگاتە هاوڕێیەتی نێوان دوو كەسی ڕەگەز جیاواز, هەموومان ڕۆژانە چەندین نمونەی لەوجۆرە دەبینینو دەبیستین، من زۆر دڵگرانم بەوەی كەزۆرێك هەن بەو شێوەیە لە واتای هاوڕێیەتی دەگەن.
ژیان بەبێ هاوڕێو هاودەم ناگوزەرێو تاڵە, هەر هاوڕێیە ژیانت لا خۆشەویست دەكاتو هیواو ئامانجت لەلا دروست دەكاتو یارمەتیت دەدا بۆ زاڵبوون بەسەر كۆسپو تەگەرەكانی ژیاندا.
ئێمە زۆربەی كات بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانمانو كردنەوەی ڕازی دڵی خۆمان، پەنا دەبەینە بەر هاوڕێكانمان، ئەوەی كەلای هاوڕێكانمان باسی دەكەین لای كەسە نزیكەكانمان باسی ناكەین.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هاوڕێ بۆ خۆی قوتابخانەیەكە بۆ فێربوون, بۆزاڵ بوون بەسەر گرفتدا، كەتیایدا فێری زۆر شتی جوان دەبین.
دەبێت ئەوەش لەیاد نەكەین كە هاوڕێ ڕەنگدانەوەی هاوڕێكەیەتی، وتەیەك هەیە دەڵێت (پێم بڵێ هاوڕێكەت كێیە؟ تاوەكو پێت بڵێم تۆ كێیت!), ئەمەش بەو مانەیە دێت كە هاوڕێ كاریگەری گەورە لە سەر هاوڕێكەی دروست دەكات.
مرۆڤ ئەگەر لەژیانیدا هاوڕێی خراپی هەبێت ئەوا بێگومان تووشی چەندین ناڕەحەتیو ناهەمواری دەبێت, لەڕێگەی ڕاستو بەختەوەری دووری دەخاتەوە.
ئاواتە خوازم هەموومان وردبین بین لەهەڵبژاردنی هاوڕێكانماندا، كەسانی ڕاستو دڵپاك بكەین بەهاوڕێی خۆمان، ئەمەش پێویستی بە هەوڵو كۆشش هەیە هەروەك دەڵێن (هاوڕێ باشەكان زۆرن، بەڵام دۆزینەوەیان كارێكی گرانە)، كەواتە هاوڕێی باشو بەوەفا گەوهەرێكی گرانبەهایە وریابە لەدەستی نەدەی.
NNA
